دەقی پەیامی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بەم شێوەیەیە:

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

ڕۆژانی پڕپیت و پیرۆزی زولحەججە لە کاتێکدا بەڕێ دەکەین کە لە دوای دەستدرێژیی دوو لەشکری دەستدرێژکاری ئەمریکا و ئیسرائیل، وڵاتەکەمان لە قۆناغێکی جیاوازی مێژووی هاوچەرخدا دەژی. هەوڵە ڕژدەکانی دەسەڵاتداران لە گۆڕەپانی بەرگری و جەنگی لەشکریدا و ڕەخساندنی دەرفەت و کرانەوە لە بواری دیپلۆماسیدا و دەرفەتدان بە ناوبژیوانانی کۆن و نوێ، شایانی پێزانینە و جێگەی دڵخۆشییە. ئێستا کە بە پاڵپشتیی گەلی ڕەسەن و بەشەرمی ئێران، بە کۆششی دەوڵەتی تەبایی و لەژێر ڕێنوێنییەکانی سەرکردەی نوێ و هاوکاریی هێز و دامەزراوە بنەڕەتییەکانی وڵات، گرێ کوێرەکانی ڕێککەوتنامەی کاتیی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کرانەوەدان، 

ئەم هیوایە هەیە کە هاوتەریب لەگەڵ خواستی هەموو ئاشتیخوازانی جیهان و بەتایبەت گەلانی دراوسێ، ڕێککەوتنی ئیسلام‌ئاباد جێگیر بێت و ببێتە هۆی ئاشتییەکی بەردەوام. ئاشکرایە بایەخدان بە تەبایی و ئاشتەوایی لە ناوخۆی وڵاتدا و ساڕێژکردنی کەلێنە ناوخۆیییەکان لە ڕێککەوتنی دەرەکی گرنگترە. پێوەندیی باشی نێوان دەوڵەت و گەل و یەکدەنگیی نیشتمانی دەتوانێت تێپەڕین لە کۆسپەکانی گەشە سەندن و ئاوەدانی ئاسان بکات. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە بایەخدانی ڕژدتر بە تەنگوچەڵەمە ئابوورییەکان و تێگەیشتن لە مەترسیی داڕمانی چینەکانی خوارەوە و تەنانەت ناوەڕاستیش، ڕێگەیەکی جیاواز لە پێناو بەرزکردنەوەی توانای دارایی هاووڵاتییاندا بگیرێتە بەر و لە تەواوی دەرفەتی پێوەندیی جیھانی لەسەر بنەمای شکۆ، ژیری و بەرژەوەندی، باڵاترین کەڵک وەربگیرێت.

هێزە زۆردارەکان، توانای لەناوبردنی وڵاتیان نییە؛ بەڵام هەژاری، گرانی و شڵەژانی بژێوی دەتوانێت بە خۆشکردنی ڕێگەی دزەکردنی بێگانە، مه‌ترسیی زۆر گه‌ورە بەدوای خۆیدا بهێنێت. 

لە کۆتاییدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربانی پیرۆز، بۆ هەموو هاونیشتمانیان، شکۆ، بەختەوەری و کۆتایییەکی چاک لە خوای مەزن داواکارم.

عەبدوڕەحمان پیرانی

ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

٩ی زولحەججەی ١٤٤٧ی کۆچی، بەرانبەر لەگەڵ ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی